دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی مەزهەبی لە بانە و تەختەکردنی ناوەندێکی لەبەرکردنی قورئان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

ناوەندی نا حوکمیی کچانەی لەبەرکردنی قورئان لە شاری بانە لە ئەنجامی هەڵکووتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا تەختەکرا و دوو چالاکی مەزهەبیی کورد بەناوەکانی ع

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٤:٠٧

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

ناوەندی نا حوکمیی کچانەی لەبەرکردنی قورئان لە شاری بانە لە ئەنجامی هەڵکووتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا تەختەکرا و دوو چالاکی مەزهەبیی کورد بەناوەکانی عەبدوڵڵا ئازەرەنگ و هاوژینەکەی بەناوی نەسرین عەبدوڵڵاهی، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکووتاوەتە سەر خانووی کرێی "ناوەندی کچانەی لەبەرکردنی قورئان" و لەگەڵ تەختەکردنی ئەو ناوەندە دوو کەس لە بەڕێوبەرەکانیان بەناوەکانی عەبدوڵڵا ئازەرەنگ و هاوژینەکەی بەناوی نەسرین عەبدوڵڵاهی دەستبەسەرکردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٢٢ قوتابی لەو ناوەندە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە نێو خانووەکەدا دەستبەسەرکرابوون کە لە ئاکامدا بە گوشاری بنەماڵەکانیان ئازادکراون.

هەنگاو ئاگادارکراوەتە کە، عەبدوڵڵا ئازەرەنگ و نەسرین عەبدوڵڵاهی دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراونەتەوە و لەوێوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئورمیە گواسترانەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو چالاکە مەزهەبییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە