سنە؛ حەمزە سەجادی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە

حەمزە سەجادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، دوای دەستبەسەرکران، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٥:٠٣


هەنگاو؛ سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣

حەمزە سەجادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، دوای دەستبەسەرکران، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، حەمزە سەجادی، دوای بانگکران بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری سنە، دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە ماوەیەک پێشتر، حەمزە سەجادی لەلایەن لقی چواری دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

حەمزە سەجادی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی غەفووری شاری سنە، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، دەستبەسەرکرا و دواتر، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازادکرا.

هێزە حکومەتییەکان لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی حەمزە سەجادی، لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی ناوبراو، دەستیان بەسەر کەرەستەکانی کەسیی ئەو هاووڵاتییەدا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە