سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستیی عوسمان ئیسماعیلی، لە باتی چارەسەریی نەخۆشییەکەی، بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە

چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سەقز بە ناوی عوسمان ئیسماعیلی، سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دانانی بارمتەی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆ

١١ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٦:٤٦

 

هەنگاو: دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣

چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی سەقز بە ناوی عوسمان ئیسماعیلی، سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دانانی بارمتەی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەندیخانەی سەقز بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە سزای شازدە مانگ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ بەرنیمەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، عوسمان ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسی، لە کاتێکدا نەخۆشە و پێویستیی خێرای بە چارەسەری پزیشکی هەیە، لە بەندیخانەی سەقزەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوەبە. بەپێی بڕیاری پێشوو بڕیار بوو کە ناوبراو ئەمڕۆ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی مافی مرەخەسی پێبدرێت.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، گواستنەوەی لەناکاوی ئەو هاووڵاتییە لە حەوشەی بەندیخانە و لە ڕێگەی دەرگای دووەمەوە، لە کاتێکدا بووە کە بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری سەقز لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە چاوەڕێی سەردانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بوون، دوای ئەوەی بڕیار بوو ئازادیی کاتی پێ بدرێت بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی.

هەروەها ئەم سەرچاوانە ڕایشیگەیاند؛ هێزە حکوومەتییەکان بە بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلی ڕایانگەیاندووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییەیان گواستووەتەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین و وابێژیی ئەوەیان کردووە کە لەوێ چاودێریی پزیشکی و چارەسەری نەخۆشییەکەی دەکرێت.

عوسمان ئیسماعیلی، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ئەمساڵ، دوای ئەوەی تووشی ئازارێکی زۆری سک بووە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پزیشکەکان وتوویانە "فتقی ئینگۆین"ی هەیە و ئەو تیمە پزیشکییەی لەگەڵیدا بووە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەم بەندکراوە پێویستە زووتر و خێرا نەشتەرگەری بۆی بکرێت.

شایانی باسە ئەم چالاکە کرێکارییە تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و نەخۆشییەکانی دڵیش بووە و بەردەوامیی بەندکردن و بێبەشکردنی لە چارەسەری و دەرمانەکانی، ڕەنگە ژیانی بخاتە مەترسییەکی جددییەوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاریی تاوانەکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی سەقزەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا. لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە" سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی" سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن، بە کۆی گشتی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە شەقامی "شەهیدان"ی شاری سەقز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کرا، بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە لە شاری سنە گواسترایەوە و دواتر واتە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

شایانی باسە کە عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوانی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ یان دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە