سەلمان ئەفرا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەریوان کرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سەلمان ئەفرا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٠٩:٣٤

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سەلمان ئەفرا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای چوار مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێشتری هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٤ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، سەلمان ئەفرا، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان، دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، سەلمان ئەفرا دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کرا، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوان گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. شایانی باسە کە ئەو سزایە لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بۆ چوار مانگ بەندکردن کەم کرایەوە.

ئەو لاوە کوردە لە نەورۆزی ٢٧٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.

هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو، لە ساڵی ٢٧١٧دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا و پاش تێپەڕاندنی ماوەیەک لە سزاکەی، بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە