عوسمان ئیسماعیلی بە بیانووی "هەڵەی نامەنووسین" لە بەندیخانەی ئێڤینەوە گەڕیندرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سەقز

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دانانی بارمتەی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٢:٣٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دانانی بارمتەی بۆ وەرگرتنی ئازادیی کاتی بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە بەندیخانەی سەقز بۆ تاران گواسترابوویەوە، جارێکی دیکە بە بیانووی "هەڵەی نامەنووسین" لە ماوەی کەمترلە ٢٤ کاتژمێردا بۆ بەیدنخانەی سەقز گەڕێندرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسی کە دوێنێ دووشەممە، ١١ی بەفرانبار بە جێگەی ئەوەی ئازادیی کاتی پێی بدرێت بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرا و دوای کەمتر لە کاتژمێرێک جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی سەقز گەڕێندرایەوە و هەنووکەش لە ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیەدایە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو گواستنەوە خێرایە کە تەنیا کاتژمێرێک لە تاران بووە و بەپێی ڕوونکردنەوەی ناڕەوا و نا لۆژیکیی بەرپرسانی بەندیخانە، لەوانەیە بەئەقەست و بە مەبەستی گوشار و ئەشکەنجەی دەروونی و ڕەوانی بۆ سەر عوسمان ئیسماعیلی بێت کە وەها خسوویانەتە دۆخێکی نالەبارەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەی زانیارییەکانی هەنگاو ڕایگەیاندووە؛ عوسمان ئیسماعیلی جگە لەوەی تووشی نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و نەخۆشیی درێژخایەنی دڵیش بووە و بەردەوامیی بەندکردن و بێبەشکردنی لە چارەسەری و دەرمانەکانی ڕەنگە ژیانی بخاتە مەترسییەکی جیددییەوە، هێشتنەوەی لەو کەش و هەوا پیسەی تاران بۆ ماوەیەکی زۆر مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستیی ناوبراو دروست دەکات. هەروەها گەشتکردن و گواستنەوەی ئەو بەندکراوە نەخۆشە لەو مەودا دوورەی نیوان سەقز و تاران بە ئۆتۆمبێل بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییە، کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر باری تەندروستی و نەخۆشییەکەی دەبێت.

عوسمان ئیسماعیلی ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، لەناکاوی لە حەوشەی بەندیخانە و لە ڕێگەی دەرگای دووەمەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە، لە کاتێکدا بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری سەقز لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە چاوەڕێی سەردانی ئەم بەندکراوە سیاسییە بوون، دوای ئەوەی بڕیار بوو ئازادیی کاتی پێ بدرێت بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ئەمساڵ، دوای ئەوەی تووشی ئازارێکی زۆری سک بووە، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پزیشکەکان وتوویانە "فتقی ئینگۆین"ی هەیە و ئەو تیمە پزیشکییەی لەگەڵیدا بووە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەم بەندکراوە پێویستە زووتر و خێرا نەشتەرگەری بۆی بکرێت.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاریی تاوانەکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی سەقزەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا. لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە" سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی" سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن، بە کۆی گشتی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە، ئەو سزایە دواتر بە ماوەی بەندکرانی پێشووترییەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە