مانگرتنی بەربڵاوی کاسبکاران لە کوردستان لە دوای بانگەوازی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بۆ مانگرتن

دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازی حەوت ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، هاووڵاتییان لە لانی کەم ١٢ شاری کرماشان، سنە، بۆکان، ڕوانسەر، مەهاباد، دیواندەرە، مەریوان، دێو

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٥:٤٥

 

هەنگاو؛ سێشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازی حەوت ڕێکخراوی مافی مرۆڤی، هاووڵاتییان لە لانی کەم ١٢ شاری کرماشان، سنە، بۆکان، ڕوانسەر، مەهاباد، دیواندەرە، مەریوان، دێولان، سەوڵاوا، بانە و سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە شێوەیەکی بەربڵاو مانیان گرتووە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣٠ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی ژمارەی لەسێدارەدرانی هاووڵاتییانی کورد، هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە مانگرتنی گشتیدان.

هەنگاو ئەمڕۆ وێنە و ڤیدیۆی پەیوەندیدار بەو هەڵوێستە بەربڵاوە مەدەنییەی خەڵکی کوردستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنە بەربڵاوەکان لەو شارانەدا، هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لاواز بووە و هێزە ئەمنییەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا جێگیر بوون، لە چەند شاریش وەکوو کرماشان، سنە و بۆکان هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسداران بەمەبەستی زاڵکردنی کەشی ترس و تۆقاندن بۆ هاوولاتییان بەسەر ئاسمانی ئەو شارانەدا سووڕاونەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هەنگاو گەیشتوون، بێجگە لە کاسبکاران و بازاڕییەکان، هاووڵاتییانی دیکەش بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییانەی لەسێدارەدراون، دەستیان لە کاروباری ڕۆژانەی خۆیان کێشاوە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی و سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران تەرمی بەندکراوانی سیاسی لەسێدارەدراوی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە، بەڵام خەڵکی کوردستان بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەیان بە تەنیا نەهێشتووە و بە ئامادەبوون لەبەر دەرکی ماڵی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە لەسێدارەدراوە هاودەردی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە و ڕقی خۆیان سەبارەت بە لەسێدارەدان نیشانداوە.

هەر لەو ڕاستایەدا، خەڵکی دێولان بە ئامادەبوون لەبەر دەرکی ماڵی دایک و باوکی محەممەد فەرامەرزی، یەکگرتوویی خۆیان لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە و سەرجەم گیانبەختکردووانی شارەکە دەربڕیوە.

هەروەها خەڵکی کامێران لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی پێژمان فاتیحی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوە سیاسییانەی کە لەسێدارەدران بەشداربوون و لەبەر دەم ماڵی خاڵۆی ناوبراو حازربوون.

خەڵکی بۆکان و مەهابادیش هەروەها، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لەو دوو شارە، بەمەبەستی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵە و خزم و کەسی وەفا ئازەربار و موحسین مەزڵووم لە ماڵی بنەماڵەکەیان حازربوون.

ڕۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و ٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی دیکەی چالاک لە بواری دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێکی هاوبەش داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان بە بەڕێوەچوونی مانگرتنێکی گشتی، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتیحی و وەفا ئازەربار شەرمەزار بکەن. هەروەها ژمارەیەک حیزب و ڕەوتی سیاسی کوردستانیش خەڵکیان بۆ بەشداربوون لەو مانگرتنە گشتییە بانگهێشت کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە