پەیمان عەبدی، هاووڵاتییەکی خەڵکی نەوسوود بەهۆی ئەشکەنجەدانی ناوەندە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەست دا

لاوێکی خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی پەیمان عەبدی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە شاری کرماشا

٢٠ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٥:٤٢

 

هەنگاو: چوارشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٣

لاوێکی خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی پەیمان عەبدی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرابوو، بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەست دا. سەرەڕای ئەوەش ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو لاوە کردووە کە هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان نابێت لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و پێیان وتوون کە کوڕەکەتان لەکاتی نان خواردندا خنکاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەک بە ناوی پەیمان عەبدی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە شارستانی پاوە لە پارێزگای کرماشان کە باوکی دوو منداڵ و حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کرماشان و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو هێزانەدا چووەتە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی ئەرتەشی ئێران لەو شارە گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیکی ئەو لاوە گیانبەختکردووە لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی ٥٢٠ی کرماشان ناسراو بە نەخۆشخانەی ئەرتەش، پەیوەندی بە بنەماڵەی عەبدییەوە کراوە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە تەرمی کوڕەکەیان لێرەیە و دەتوانن بێن وەریگرنەوە".

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئەرتەش بە بنەماڵەی عەبدییان ڕاگەیاندووە کە پەیمان عەبدی بەهۆی ئەوەی کە شتێکی ڕەق بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەست داوە.

بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی عەبدی و هەڕەشەکردن لەو بنەماڵەیە کە نابێت هەواڵی گیانلەدستدانی کوڕەکەیان بڵاو بکرێتەوە، پێیانیان ڕاگەیاندووە کە پەیمان عەبدی لە کاتی نانخواردن لە دەستبەسەرگەدا پاڕووەنان لە قوڕگیدا گیری کردووە و خنکاوە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی ناسنامەکەی لەلایەن هەنگاوەوە پارێزراوە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پەیمان عەبدی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی کرماشانەوە لە شەقامێکی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و هەر ئەو شەوە بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە، چووەتە کۆما و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش."

شایانی باسە کە لە ماوەی ئەو ٨ ڕۆژەی کە پەیمان عەبدی دەستبەسەر کراوە یان لە نەخۆشخانە لە کۆمادا بووە، بنەماڵەی عەبدی ئاگادار نەبوون و هیچ زانیارییەکان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەدەزانی و بەدواداچوونی بەردەمیان لەم پەیوەندییەشدا هیچ ئاکامێکی بۆیان نەبوو تاکوو ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی ئەرتەش پەیوەندییان پێوە کراوە و لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەکی نووسراو لەلایەن بنەماڵەی عەبدی کە نابێت هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە، ئینجا تەرمی پەیمانیان ڕادەستی ئەو بنەماڵەیە کردووە.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە؛ هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە گرژی و تێکهەڵچوون ناوبراو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بووە، بەڵام لەم بارەیەوە هێشتا وردەکاریی زیاتریان نەخستووەتە ڕوو. ئەم ناڕوونییە و بڵاونەکردنەوەی زانیارییە دروست و ڕاستییەکان، نیگەرانییەکانی لەسەر چۆنیەتی و یاساییبوونی دەستبەسەرکردن و ڕەوتی هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەدا زیاتر پەرە پێ دەدات.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەدا گیانیان لەدەست داوە کە ٨ کەسیان بەندکراوی کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە