ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر قوربانی بوونی ٢٧ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠٢٣ دا

تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن سوپای پاسدار

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٢:٠٥

 

هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣

تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە چێندراون هەتا ئێستاش لە ئێران و بەتایبەت کوردستان قوربانی دەگرێت. زیاتر لە ٢٢%ی قوربانییانی تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوودا منداڵان و ژنان بوون، و زیاتر لە ٩٦% لە هاووڵاتییانی کورد بوون.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٧ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ، لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ هاووڵاتی دیکەش بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، زیاتر لە ٩٦%ی قوربانییانی تەقینەوەی مین کە لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە تۆمارکراون هاووڵاتییانی کورد بوون و مێرمنداڵێکی عەرەبیش لە پارێزگای خووزستان برینداربووە.

هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٥ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ و ژنێک قوربانی تەقینەوەی مین بوون کە دەکاتە ٢٢%ی کۆی حاڵەتەکان و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ١٠% کەمی کردووە.

 

جیاکردنەوە قوربانییەکان بەپێی پارێزگاکان

لە ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاترین قوربانییانی مین لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراوە کە ١٢ حاڵەت بوون. دوای ئەو پارێزگایە، لە پارێزگاکانی ئیلام و ئورمیە بە پێنج حاڵەت تۆمارکراون. بەڵام پارێزگای ئیلام بە ٤ کوژراو واتە ٥٧%ی کۆی ئامارەکان زیاترین کوژراوانی تەقینەوەی مینی لەخۆگرتووە.

پارێزگای سنە: ١٢ قوربانی بریتی لە ١٢ بریندار

پارێزگای ئیلام: ٥ قوربانی بریتی لە ٤ کوژراو و ١ بریندار

پارێزگای ئورمیە: ٥ قوربانی بریتی لە ١ کوژراو و ٤ بریندار

پارێزگای کرماشان: ٤ قوربانی بریتی لە ٢ کوژراو و ٢ بریندار

پارێزگای خووزستان: ١ قوربانی بریتی لە ١ بریندار

 

جیاکردنەوە قوربانییەکان بەپێی چینی کۆمەڵایەتی

زیاترین قوربانییانی مین لە ساڵی ڕابردوو هاووڵاتییانی مەدەنی بوون کە ١٥ حاڵەت بووە. هەروەها ١١ کرێکار و کۆڵبەریش قوربانی تەقینەوەی مین بوون.

هاووڵاتییانی مەدەنی: ١٥ کەس (٢ کوژراو و ١٣ بریندار)

کرێکار و کۆڵبەر: ١١ کەس (٥ کوژراو و ١١ بریندار)

نیزامی: ١ کەس (١ بریندار)

 

هەرچەند لە مافە نێونەتەوەیییەکاندا کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بەتەواوی قەدەغە نەکراوە بەڵام هەندێک بەربەست بۆ کەمترکردنەوەی ئاسەوارەکانی پێشبینیکراوە. بۆ نموونە لایەنەکانی شەڕ دەبێت نەخشەی کێڵگەکانی مین ڕاگرن و لە دوای گرژییەکان، مینە چێندراوەکان لەو گۆڕەپانانە بەمەبەستی پاڵپشتی لە خەڵکی سڤیل پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا لەو بارەیەدا دەوڵەتەکانی پێبەندکردووە کە لە سازکردن، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینی دژە نەفەر ڕێگری بکەن کە بەداخەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە هەتا ئێستاش لە ئێران تەقینەوەی مین قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەو کۆنوانسیۆنە پاشکۆ نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە