سەردەشت؛ بەرزین حەمزەزادە لە منداڵانی دەستبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەهۆی برینداربوون لە ئەنجامی ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

بەرزین حەمزەزادە، منداڵی خەڵکی سەردەشت کە بەهۆی لێدان و کوتانی هێزە سەرکوتکەرەکان بە سەختی بریندارکرابوو، دوای ١٣ مانگ لەکاتی نەشتەرگەری لە

١٣ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٦:٥٧


هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣

بەرزین حەمزەزادە، منداڵی خەڵکی سەردەشت کە بەهۆی لێدان و کوتانی هێزە سەرکوتکەرەکان بە سەختی بریندارکرابوو، دوای ١٣ مانگ لەکاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەرزین لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستبەسەرکرابوو و بۆ ماوەی یەک حەفتە ئەشکەنجەدرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، بەرزین حەمزەزادە، منداڵی برینداری تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لەکاتێک کە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئورمیە لەژێر نەشتەرگەریدا بوو گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک بە بنەماڵەی بەرزین حەمزەزادە، ئەو منداڵە پاییزی ساڵی پێشوو لە کاتی دەستبەسەربووندا هەر دوو گورچیلەی بەهۆی سەختی زەربەی هێزە ئەمنییەکانەوە لەدەستدابوو و تووشی تێکچوونی کارکردنی فیزیۆلۆژیکی ببوو.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە: "بەرزین لە ماوەی یەک ساڵ و دوو مانگی ڕابردوودا، چەندین جار تووشی هاتنە خوارەوەی ئاستی هۆشیاری و بێهۆشی بووە و چەند جار بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بردراوەتە ناوەندە دەرمانییەکان.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو منداڵە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە: بەرزین پێش دەستبەسەربوون، لە تەندروستی تەواوی جەستەیی و دەروونیدا بووە و هیچ نیشانەیەک لە نەخۆشی نەبووە بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربووندا دوای ئازادی چەند جار لە هۆش خۆی چووە."

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەکان لە دوێنێوە بنەماڵەی حەمزەزادەیان لە ژێر گوشار داناوە تا لە میدیایی کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕێگری بکەن.

بەرزین حەمزەزادە، حەفتەی سەرەتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دوای خۆپێشاندانە بەربڵاوەکانی ٢٩ خەزەڵوەر لە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و نزیک بە یەک حەفتە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا داندرابوو. نیشانەکانی نەخۆشی ئەو منداڵە، چەند ڕۆژ دوای ئازادبوونی لە سەرماوەزی ٢٧٢٢، ئاشکرا ببوو.

شایەنی باسە کە، لە ناو برینداربووان لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردووی ئێران و بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای ئازادی تووشی تێکچوونی باری دەروونی و جەستەیی بوون و بەشێک لەوانیش لە بێدەنگی میدیاکاندا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی ڕەوتی ژیانی ئاساییان لەدەستداوە و لە چەند حاڵەتیشدا گیانی خۆیان لەدەستداوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٩٣ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە