بەندیخانەی سنە؛ بێبەریکردنی مەحموود سادقی لە هەموو مافە سەرەتایییەکان لە ساڵی هەشتەمی بەندکردنیدا

مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری کامێران کە ٢٦٦٧ ڕۆژی ماوەی بەندکرانی تێپەڕاندووە، لە کاتی دەستبەسەربوونی تاکوو ئێستا لە

١٥ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٦:٤٠

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری کامێران کە ٢٦٦٧ ڕۆژی ماوەی بەندکرانی تێپەڕاندووە، لە کاتی دەستبەسەربوونی تاکوو ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی و بەتایبەت مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراوە. ناوبراو برای هاوژینی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کوردە کە لە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢دا سزای سێدارەی جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەحموود سادقی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بەند کراوە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی ٧ ساڵ و ٣ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لە ماوەی بەندکردنەکەی، تاکوو ئێستاش بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە مافە سەرەتایییەکان و بەتایبەت مافی ئازادیی کاتی، بێبەری و بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، تا هەنووکە چەندین جار داوای کردووە بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی کامێران، بەڵام هەموو جارێک لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە ئەمنییەکانەوە دژایەتیی داخوازییەکەی دەکرێت و وەڵامی نادرێتەوە.

مەحموود سادقی لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧١٧، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" و بە تۆمەتی "هاوکاری بەغی" سزای ٢٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ناوبراو لە تۆمەتی "هاوکاریکردنی کوشتن و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" کە لە مانگی ڕەزبەری ٢٧١٨ و لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکان لە پارێزگاکانی سنە سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، بێبەری کراوە.

مەحموود سادقی، ڕۆژی ٢٥ ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦) لەگەڵ حەیدەر قوربانی، زاوای و بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراوی کورد، لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراون.

ئەو هاووڵاتییە پاش دەستبەسەربوونی، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییی ئەو ناوەندە ئەمنییەدا بوو و دواجار بۆ بەندیخانەی کامێران گواستراوەتەوە. دواتریش دوای پێنج مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە و تاکوو ئێستاش لەم بەندیخانەدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە