دێولان؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

زوبەیر حوسێن پەناهی و عەباس حوسێن پەناهی دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی دێولان دوای حازربوونیان لە ماڵی دایک و بابی محەمەد فەرامەرز

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٠:١٠

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

زوبەیر حوسێن پەناهی و عەباس حوسێن پەناهی دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی دێولان دوای حازربوونیان لە ماڵی دایک و بابی محەمەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسی لەسێدارەدراو، لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٧ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، زوبەیر حوسێن پەناهی تەمەن ٣٢ ساڵ و عەباس حوسێن پەناهی خەڵکی گوندی "قوروچیا"ی سەر بە شاری دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، زوبەیر حوسێن پەناهی سەری شکێندراوە و هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.

هەنگاو زانیویەتی کە دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە دوای حازربوونیان لە ماڵی دایک و بابی محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسی کورد کە ٩ی ڕێبەندان سزای سێدارەکەی لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسی کوردی دیکە جێبەجێکرا، ڕوویداوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە