زەینەب جەلالیان لە بەرەبەرەی حەڤدەیەمین ساڵی بەندکران؛ بەردەوامی بێبەشبوون لە خزمەتگوزاری پزیشکی و لێپرسینەوە لەژێر گوشار

زەینەب جەلالیان، لە حاڵێکدا کە تەنیا سێ حەفتەی دیکەی لەگەڵ چوونە نێو حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی (٥٨٢٣ ڕۆژ) مەودای هەیە، لەگەڵ بەردەوام لێپرسینەوە لەژێ

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٢:١٢

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

 

زەینەب جەلالیان، لە حاڵێکدا کە تەنیا سێ حەفتەی دیکەی لەگەڵ چوونە نێو حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی (٥٨٢٣ ڕۆژ) مەودای هەیە، لەگەڵ بەردەوام لێپرسینەوە لەژێر گوشاردا، هێشتا لە مافی دەرمان و دەستڕاگەیشتن بە پزیشک بێبەشە. ناوبراو بەپێشینەترین بەندکراوی سیاسی ژن لە ئێران بەهەژماردێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای ئەوەیکە مەترسی جددیی لەدەستدانی بینایی چاوی زەینەب جەلالیان لەئارادایە و تووشی نەخۆشیگەلی هەوکردنی دەم، تەنگەنەفەسی، کێشەی گورچیلە و هەرس بووە هێشتا لەگەڵ دژایەتی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتە پزیشکییەکان ڕووبەڕووە.

 

زەینەب جەلالیان زیاتر لە سێ ساڵە کە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ بەندیخانەی یەزد گواستراوەتەوە و لە تەواو ئەو ماوەیەدا، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکانیان لەو بەندیخانەیە، لە مافە سەرەتایییەکانی خۆی وەکوو مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشبووە.

 

بەپێی ئاخرین هەواڵەکان کە لەو بەندکراوە سیاسییە لەبەردەستدایە، لە ماوەی ڕابردوودا، لە حاڵێکدا کە دەستبەند و پێبەندی بووە، چەندین جار لەلایەن ژمارەیەک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری یەزد لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

 

ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانی هەڕەشەی لێکراوە کە ئەگەر "دەربڕینی پەشیمانی" خۆی دەرنەبڕێت، بۆ هەمیشە لەو مافانەی هەتا ئێستاش لێی بێبەش بووە، بێبەش دەمێنێتەوە.

 

زەینەب جەلالیان، بێجگە لە تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، چەندین جار بە بێ هۆکارێکی ڕوون لە نێوان بەندیخانە جیاوازەکان وەکوو بەندیخانەی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەکی وەرامین، کرمان و یەزد گواستراوەتەوە.

 

ناوبراو هەروەها لانی کەم دوو جار و لە ماوەی درێژدا تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووە کە لە هەر دوو جارەکەشدا، لە مرەخەسی بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بێبەریکراوە و هیچ کات هیچ خزمەتێکی پزیشکی لەبەر دەستدا نەبووە.

 

بنەماڵەی زەینەب جەلالیان، لە ١٦ ساڵی پێشوودا بەردەوام بەمەبەستی بڵاونەکردنەوەی زانیارییەک سەبارەت بە بارودۆخی ناوبراو لەژێر گوشار داندراون. ئەو بنەماڵە سەرەڕای تەواوی گوشارەکان، جوابی ڕەدیان بە داواکارییەکانی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە وتووێژ دژ بە ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان داوەتەوە.

 

چوار کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە زستانی ساڵی ٢٧٢١، دوای بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە داوای یارمەتی گۆزەل حاجیزادە، دایکی زەینەب، دەستبەسەرکران. دوای بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە، دایکی زەینەب و براکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسف جەلالیان لە شاری ماکۆ بۆ ماوەی شەووڕۆژێک دەستبەسەرکران. ئەوان لە ئاکامدا بەهۆی لە هۆش چوونی گۆزەل حاجیزادە لە دەستبەسەرگە ئازادکران.

 

زەینەب جەلالیان لە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٠٧، لە جاددەی کامێران_کرماشان دەستبەسەرکرا و سەرماوەزی ٢٧٠٨ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بەتۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراو و بەتۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکراوە و ئەو سزا مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١١ بەر لێبوردن کەوت و بە یەک دەرەجە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

 

زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد، لەدایکبووی ساڵی ٢٦٨٢ لە گوندی دەیم قشلاقی سەر بە شاری ماکۆیە و لە ساڵی ٢٧٠٨ەوە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مرەخەسی لە بەندیخانە بەسەر دەبات.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە