سنە؛ دەستبەسەرکرانی مازیار مەلەکی بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن

هاووڵاتییەکی گەنجی خەڵکی سنە بەناوی مازیار مەلەکی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە لاپەڕەی ئێنستاگرامەکەیدا سەبارەت بە بەشداری نەکردن لە دەنگدان بە هەڵبژ

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٠٩:٥٣

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی گەنجی خەڵکی سنە بەناوی مازیار مەلەکی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە لاپەڕەی ئێنستاگرامەکەیدا سەبارەت بە بەشداری نەکردن لە دەنگدان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٦ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، مازیار مەلەکی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، لە بەرانبەر گەراژی ئەو شارە دەستبەسەرکراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، مازیار مەلەکی دوای دەستبەسەربوون بە بەکارهێنانی توندوتیژی بە ئۆتۆمبێلێکی سپی جۆری پژۆ بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان هۆکاری دەستبەسەرکرانی مازیار مەلەکییان بڵاوکردنەوەی ستۆری لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی و هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتی دەنگدان و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردەکانی پەرلەمان ناوبردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی مازیار لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە مازیار مەلەکی ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەی مانگێک بە دانانی بارمتە ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە