سنە؛ دەستبەسەرکرانی ژیلا هۆژەبری بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی

ژیلا هۆژەبری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٨ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢١:٢٤

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ژیلا هۆژەبری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژیلا هۆژەبری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان دوای بانگکران بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی ٣ ساڵ و ٨ مانگ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی سنە ناسراو بە (ناوەندی پەروەردە و چاکسازی) گواستراوە.

ژیلا هۆژەبری مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەرکرا و دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواستراوە. ناوبراو دوای ماوەیەک بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازادکرا.

ناوبراو زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر "کشاوەرزی" و بەتۆمەتی "هاوکاری و ئەندامیەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) "، سزای ٥ ساڵ بەندکران، بەتۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکران و بەتۆمەتی "نافەرمانی لە هێزەکانی حکومەت" سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتا ٥ ساڵ بەندکرانی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

سزای ٥ ساڵ بەندکرانی ژیلا هۆژەبری دواتر و دوای ملکەچبوونی بە بڕیاری دادوەر، بۆ ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە