سەقز؛ ئازاد ئەمینی لە چالاکانی مەدەنی دەستبەسەرکراو لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

ئازاد ئەمینی لە چالاکانی مەدەنی ناسراو و مامۆستایانی زمانی کوردی کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دە

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٧:٣٧

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ئازاد ئەمینی لە چالاکانی مەدەنی ناسراو و مامۆستایانی زمانی کوردی کە هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئازاد ئەمینی، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کولتوری "هیوای زانست" و ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی "ژیانی سەوز"ی سەقز، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداری لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو سزایە کە لەم دوایییانەدا بە ئازاد ئەمینی ڕاگەیەندراوە، ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی ناوبراو هەژمار دەکرێت.

ئازاد ئەمینی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە زێدەکەی خۆی لە گوندی"هێجانان" دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سەقز و دوای یەک ڕۆژیش لەوێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.

ناوبراو لە ئاکامدا دوای ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادوەرییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئازاد ئەمینی لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراوە.

شایەنی باسە کە، ئازاد ئەمینی بێجگە لە چالاکی لە بواری ژینگەپارێزی، لە بواری فێرکاریشدا یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سەقزە و وەکوو مامۆستای زمانی کوردی، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پۆلەکانی فێربوونی زمانی کوردی لەوشارەدا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە