سەپاندنی تۆمەتی "بەغی" بەسەر وریشە مورادی و ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەریدا

وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، داکۆکیکاری مافی ژنان و ئەندامی کەژار (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە ت

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٩:٠٠

 

هەنگاو: شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

وریشە مورادی، چالاکی سیاسی، داکۆکیکاری مافی ژنان و ئەندامی کەژار (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە تۆمەتی "بەغی" بەسەرید سەپاوە. ئەم تۆمەتەش نیگەرانیی ئەوەی لێ کەوتووەتەوە کە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەم بەندکراوە سیاسییەدا کە ١٩٣ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا وریشە مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و بەندکراوی سیاسیی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین، لەلایەن لێکۆڵەری لقی ٥ی دادستانیی گشتی و شۆڕشی تاران، تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەسەریدا سەپاوە.

شایانی باسە کە دۆسیەی وریشە مورادی ناسراو بە "جوانا سنە"، دوای سەپاندنی تۆمەتی ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵواتی" کە یەکێک لە دادوەرە ناوزڕاوەکانە، کراوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوبراو ڕایگەیاند؛ وریشە مورادی لە دەستبەسەرگە تا ئاستێک بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراوە کە لە جارێکیان خوێنی هەڵهێناوەتەوە و بەتەواوەتی لەهۆش چووە.

ئەو ژنە بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی بەفرانباری ئەمساڵ، دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندی ژنانی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.

پاش ڕفاندنی ئەو ئەندامەی "کەژار" واتە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی وریشە مورادی لە بەردەستدا نییە. هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەسەر بارودۆخی تەندروستی و یاساییی وریشە مورادی، دۆخی یاساییی ناوبراو بە ڕفاندنی نامرۆڤانەی هێزە حکوومەتییەکان لەقەڵەم دەدات و داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە گرنگییەکی تایبەت بە دۆسیە و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە بدەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە