شنۆ؛ عیسا ئیبراهیم زادە جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

عیسا ئیبراهیم زادە، چالاکی کرێکاری خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە. ناوبراو پێشتر

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٠٩:٤٠

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

عیسا ئیبراهیم زادە، چالاکی کرێکاری خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیشدا دەستبەسەرکرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٤ فێبریوەری ٢٠٢٤)، عیسا ئیبراهیم زادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دێشەمس" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی بێهنام ئیبراهیم زادە، برای بچووکتری عیسا ئیبراهیم زادە، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە لە ماڵەکەی خۆیدا و لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ڕوویداوە.

هەتا ئێستا لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ عیسا ئیبراهیم زادە، شوێن و بارودۆخی ڕاگرتنی ئەو چالاکە کرێکارییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە، عیسا ئیبراهیم زادە، ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا ٢٢ی سەرماوەزی ئەو ساڵە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە