شێرکۆ حیجازی بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز سزای ٦ ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

شێرکۆ حیجازی چالاکی مەدەنی ناسراو و بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ناوەندە ئەمن

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٢:٠٧

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

شێرکۆ حیجازی چالاکی مەدەنی ناسراو و بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران و هەندێک سزای دیکەی وەکوو قەدەغەکردنی چوونە دەرەوە لە ئێران و نووسین سەبارەت بەو هێزە حکومییانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراون بەسەریدا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا شێرکۆ حیجازی، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری حکوومەت" سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، قورسترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی جێبەجێ دەکرێت و ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران بێبەریکراوە.

بەپێی ئەو سزا و بەپشتبەستن بە ماددەی ٧ی یاسای سزای بەندکرانی ساڵی ٢٧٢٠، دوو لە سێی قورسترین سزا بۆ ماوەی سێ ساڵی هەڵپەسێندراوە. بەڵام ئەو فەرمانە بەستراوە بە هەڵسوکەوت نەکردنی ناوبراو لەگەڵ دەستبەسەرکراوانی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناساندنی مانگانەی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها تێپەڕکردنی سێ خولی پەروەردە، ئەخلاق و ئایینی.

لە بەشێکی دیکە لەو سزایە، شێرکۆ بە نووسینی ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا کوژراوە و هەڵگرتنەوەی تاکەکەسی خۆی لە کتێبی مەعنونە (ژیاننامەی نووسراوە) و پێشکەشکردنی بەشێوەی وتار بە جێبەجێکاری سزاکان و بڵاوکردنەوەی دەنگی لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی شاری سەقز سزا دراوە.

شێرکۆ حیجازی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، لە شوێنی کارەکەی هەڵکەوتوو لە شەقامی «شوهەدا» بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا و دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز (١٤ی دیسەمبەر ٢٠٢٣) دوای تێپەڕکردنی ٩٤ ڕۆژ دەستبەسەرکران و بەدانانی بارمتەی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە شێرکۆ حیجازی لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەدا ناچاربە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی دژ بە خۆی کراوە.

هەنگاو حەوتووی ڕابردوو لە ئێکاونتی ئێکیسی خۆی ڕایگەیاندبوو کە شێرکۆ حیجازی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بە دەستلەکارکیشانەوە لە پۆستی سەرۆکی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کراوە. دوو ڕۆژ دوای ئەو هەوڵە سەرجەم ئەندامانی لیژنەی تۆپی پێی سەقز بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستیان لەکارکێشایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە