نەغەدە؛ ئیبراهیم ڕەسووڵپوور سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

ئیبراهیم ڕەسووڵپوور هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە لە دوای دوو حەوتوو دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٠:٥٤

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ئیبراهیم ڕەسووڵپوور هاووڵاتیی کورد و خەڵکی نەغەدە لە دوای دوو حەوتوو دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (١٣ی فێبریوەری ٢٠٢٤) ئیبراهیم ڕسووڵپوور تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی نەغەدە بە دادوەری «حیجازی» بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکومەت سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو زانیویەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم ڕەسووڵپوور دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرتووە و لە ژێر زەخت و گوشاردا ناچاریان کردووە داخوازییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات قبووڵ بکات و هەڕەشەی دەستبەسەرکرانی براکەی بە ناو ئارمین کە تەمەنی ١٠ ساڵەی لێ کراوە.

ئیبراهیم ڕەسووڵپوور ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ جەنیوەری) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە