نەوسوود؛ برینداربوونی لانی کەم ٢٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

لانی کەم ٢٠ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی داڵاهۆ، سەوڵاوا، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٠:٣٨

 

هەنگاو: دووشەممە، ٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

لانی کەم ٢٠ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی داڵاهۆ، سەوڵاوا، مەریوان، پاوە، جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون. هەروەها کۆڵ و کەلوپەلی ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن ئەو هێزە چەکدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی شەوی شەممە، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە چەکی ساچمەیی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم ٢٠ کۆڵبەر بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرانە سەر، سک، پشت، دەست، پێ و شوێنەکانی دیکەیان لەلایەن ئەو هێزانەوە بریندار کراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی و تیمارکردن، بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە گواستراونەتەوە.

شایانی باسە کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ١٧ کەس لەو کۆڵبەرە بریندارانە بە ناوەکانی محەممەد مورادی، بێهنام خەسرەوی، حوسێن بەهرامی، ئەحسەن حوسێنی و تۆفیق ئەحمەدی، خەڵکی شاری جوانڕۆ. موبین کەرەمی، میلاد ڕۆستەمی، فەرزاد ڕۆستەمی و ئەمیر ڕەحمانی، خەڵکی داڵاهۆ، ئارمان ڕەحمانی، مەحموود کەرەمی و مەیسەم ئەمینی، خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی. کاوە و مەهدی، خەڵکی شاری مەریوان. فەواد فەیزی و یەحیا نووری، خەڵکی شاری سەوڵاوا و هەروەها مەیسەم ڕۆستەمی، خەڵکی پاوە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو هێزە چەکدارانەی ئێران جگە لە بریندارکردن و لێدانی ئەم کۆڵبەرانە، دەستیان بەسەر سەرجەم کۆڵ و کەلوپەلەکانیان دا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە