پەخشان عەزیزی بە "بەغی" تۆمەتبارکرا؛ ئەگەری داسەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسەدا لەئارادایە

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٣:١٨

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران بە "بەغی" تۆمەتبارکرا. ئەو تۆمەتە دەتوانێت لەسەر ناوبراو ببێتە هۆکاری داسەپاندنی سزای سێدارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا پەخشان عەزیزی، دەرچووی ئاریکاری کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئەمنییەتی ئێڤین لە تاران، بە "بەغی" لە ڕێگەی "ئەندامبوون لە گرووپە دژبەری ئێران" تۆمەتبارکرا.

پەخشان عەزیزی لە ماوەی ١٩٣ ڕۆژ دەستبەسەربوونیدا، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بەسەختی لە ژێر گوشار داندراوە.

ئەو ڕۆژنامەنووس و ئاریکارە کۆمەڵایەتییە، ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، بەناوی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارۆچکەی خەرازی تاران دەستبەسەرکرا.

پێشتر هەنگاو بەپێی گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی کە لەگەڵ ئەو بەندکراوە سیاسییەدا، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەستبەسەرکرابوون کە دوای چەند ڕۆژ ئازادکران.

شایەنی باسە کە، پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ٢٧٠٩، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی زانکۆی تاران دژ بە سێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەرکرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممەی ئەو ساڵە دوای ٤ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر باشتربوونەوەی ئەو بارودۆخە کردەوەی لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا ئەنجامدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە