کۆسار ڕۆستەم نژاد بە مەبەستی دەرهێنانی چاوی بۆ تاران گواسترایەوە

کۆسار ڕۆستەم نژاد کۆڵبەری خەڵکی شاری پاوە کە ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی چەکدارەکانی ئێران چاوی بە سەختی بریندار بووە، بە مەبەستی د

١٤ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٣:١٤

 

هەنگاو: شەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

کۆسار ڕۆستەم نژاد کۆڵبەری خەڵکی شاری پاوە کە ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی چەکدارەکانی ئێران چاوی بە سەختی بریندار بووە، بە مەبەستی دەرهێنانی چاوی، بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری تاران گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٣ی فێبریەی ٢٠٢٤)، کۆسار ڕۆستەم نژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی گوندی "شەمشێر"ی سەر بە شاری پاوە، دوای ئەوەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی پێکرا و چاو و دەستی بریندار بوو، بە مەبەستی چارەسەریی چاوی و درێژەی ڕەوەندە دەرمانییەکەی و دەرهێنانی چاوی، لە کرماشانەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری تاران گواسترایەوە.

لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند: چاوی ئەم کۆڵبەرە بە گوللەی ساچمەییی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە و پزیشک و دکتۆرەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشان جواویان کردووە و ڕایانگەیاندووە؛ "چیی تر توانای چارەسەرکردنی چاوی کۆساریان نییە" و دواتریش بۆ درێژەی ڕەوەندی دەرمانیی زیاتر و چارەسەریی چاوی، ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری تارانیان کردووە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند؛ ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی هەینی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشان گواسترایەوە و هەنووکەش بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

ئەو هاووڵاتییە کە باوکی دوو منداڵە، پێشتریش واتە لە بەهاری ساڵی ٢٧٢١دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە سنووری شاری نەوسوود و لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار بووە. هەروەها برایەکی دیکەی کۆسار بە ناوی فەرشاد، ساڵی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ئێران لە کاتی کۆڵبەریدا بڕەبڕەی پشتی بە سەختی بریندار بوو و دواجار کەم ئەندام بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە