ئارام فەتحی لەو تۆمەتەی خرابوویە پاڵی بێ بەری کرا

هەنگاو: ئارام فەتحی، نووسەر و شاعیری خەڵکی مەریوان کە لە دوو حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەدادگای .

٥ خەرمانان ٢٧١٨، ١٣:٥٢

 

هەنگاو: ئارام فەتحی، نووسەر و شاعیری خەڵکی مەریوان کە لە دوو حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەدادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی هەڵوەشایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای پێداچوونەوەی  ئارام فەتحی ڕۆژی یەکشەممە (٤ی خەرمانان/ ٢٦ی ئاگۆست) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بەڕێوە چوو و لەئەنجامدا حوکمەکەی پێشووی هەڵوەشێندرایەوە و ناوبراو لەو تۆمەتەی کە خرابوویە پاڵی، بێبەری کرا.

ئارام فەتحی پێشتر لە دوو حوکمی جیاجیادا سەرجەم بە ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و دوای ئەوەی تانەی لەو بڕیارە دابوو، دادگای پێداچوونەوە بێ بەری بوونی ناوبراوی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاند و حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.

 ئەو نووسەرە کوردە لە رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی ( ٢٠١٦ی کوردی)، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت لە رێگەی چالاکی کردن لە کەمپەینی "نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران و نا بۆ رێگای مەرگ" بە دوو ساڵ بەندکران حوکم درابوو.

ئەو حوکمە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەلەکی بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە کە بە پشت بەستن بە مادەی ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی حوکم دراوە. کەسی تۆمەتبار بەو مادەیە لە ٣ مانگەوە هەتا ساڵێک حوکم ئەدرێ، بەڵام دادگا بەپێی ئەو مادەیە ٢ ساڵ حوکمی بەسەر ئەو چالاکە کوردەدا سەپاندووە.

ئارام فەتحی رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو هەروەها لەلایەن کۆمەڵەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران و چوون بۆ وڵاتی ئاڵمان بە ١ ساڵ بەندکران حوکم دراوە.

 

 

ئارام فەتحی شاعیر و چالاکی فەرهەنگیی کورد دوو کتێبی شێعری چاپ کردووە و نووسین و کورتە چیرۆکەکانی لە ژمارەی زۆربەی بڵاڤۆکە ناوخۆییەکانی کوردستان و دەرەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە