ئارام مورادیان دوای ١٣٠ ڕۆژ هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی تەنگیسەر سەر بە بەخشی سیروانی سنە زیاتر لە چوار مانگە دەستبەسەرە و هەروا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

١٥ خەرمانان ٢٧٢١، ١٥:٣٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی تەنگیسەر سەر بە بەخشی سیروانی سنە زیاتر لە چوار مانگە دەستبەسەرە و هەروا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارام مورادیان هاووڵاتیی ٣٢ ساڵەی خەڵکی گوندی تەنگیسەر زیاتر لە ١٣٠ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی مورادیان، ناوبراو لە ماوەی ١٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەدرێژەدا وتی: “ هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات مانگی ڕابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوک و هەروەها خۆشکی ئارام مورادیان و ئەو دوو ماڵەیان پشکنیوە”.

ئارام مورادیان کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١) هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئارەش ئەحمەدی و ئەمیر ڕەزایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرابوو.

ئەمیر ڕەزایی و ژن براکەی بە واتە ئارەش ئەحمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) دوای نزیکەی ٤ مانگ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە