هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە دەستبەسەر و حوکمی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراوە.

١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٠:٠٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ”ناسر مەحموود نژاد“ تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی گوندی ”هەلە فەلە“ سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١٠٧ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ غەرامەی یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن گۆڕاوە.

ناسر مەحموود نژاد ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ٤ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناسر مەحموود نژاد، ڕۆژی پێنج شەممە ٩ی خەزەڵوەر (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پێی ڕاگەیەندراوە کە بە زوویی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شەیخلوو“ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات دادگایی دەکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە