ئاڵمان چالاکانی سیاسی کورد ناچار دەکات بەڵگەکانی باڵوێزخانەی ئێران واژۆ بکەن + بەڵگە

هەنگاو: حکوومەتی ئاڵمان چالاکانی سیاسی کورد و ئەو پەناخوازانەی کە داوای پەنابەریەتییەکەیانی ڕەد کردووەتەوە ناچار دەکات کە سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکەن و

١٥ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٢١:٠٢

 

هەنگاو: حکوومەتی ئاڵمان چالاکانی سیاسی کورد و ئەو پەناخوازانەی کە داوای پەنابەریەتییەکەیانی ڕەد کردووەتەوە ناچار دەکات کە سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن بەڵگەکانی باڵوێزخانەیان پێ دەدات هەتا واژۆی بکەن.

بە پێی ئەو بەڵگانەی کە دەست هەنگاو کەوتووە، حکوومەتی ئاڵمان ئەو پەناخوازانەی کە داواکەیانی ڕەد کردووەتەوە ناچار دەکات سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، گوشیاریان دەخاتە سەر و بەڵگەکانی باڵوێزخانەیان پێ دەدەن کە واژۆی لە سەر بکەن.

ئیدریس ڕەحمانی چالاکێکی سیاسییە و یەکێک لەو پەناخوازانەیە کە دوو ساڵ پێش چووەتە ئاڵمان و داوای پەنابەرییەکەی ڕەد کراوەتەوە. بنەماڵەی ئیدریس کە خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانن، ماوەی ٣٨ ساڵە ئاوارە بوون و لە عێراق  ژیاون.

ئیدارەی پەنابەری ئاڵمان یەک مانگ مۆڵەتی بە ئیدریس داوە هەتا سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکات و و لەوێوە پاسپۆرتی بۆ دابین بکەن هەتا بیگەڕێننەوە بۆ ئێران. دوای ئەوەی کە ئیدریس حازر نەبووە ئەو کارە بکات، حکوومەتی ئاڵمان ئەو بڕە پارەی کە مانگانە وەکوو هاوکاری بە پەناخوازانی دەدات لە ناوبراو بڕیوە و بەڵگەکانی باڵوێزخانەی ئێرانیان پێداوە کە واژۆی لە سەر بکات.

هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە ناوبراو ٢٧ ساڵ پێش لە کەمپی ڕؤمادی عێراق لە دایک بووە و قەد لە ئێران نەژیاوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئیدریس ڕەحمانی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ن و ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە ئەوا ژیانی بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە.

دوای پەیگیرییەکانی هەنگاو دەرکەوت کە کەیسێکی دیکەی هاوشێوەش هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە بیانهەوێ ئەو بەڵگانە بە چالاکانی دیکەش کە وڵامی ڕەدیان وەرگرتووەتەوە، پڕ بکەنەوە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکومەتی ئاڵمان مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە