باران ساعدی، چالاکی مەدەنی و خەڵکی شاری سنە هێشتا چارەنووسی ناڕوونە

وێڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ۵٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی باران ساعدی، یەکێک لە چالاکی مەدەنیی شاری سنە، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٢:٥٣


هەنگاو؛ سێشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

وێڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ۵٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی باران ساعدی، یەکێک لە چالاکی مەدەنیی شاری سنە، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ باران ساعدی کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

پاش ئەوەی کە ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای هەموو لێپرسینەوەکانی، بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون و اصلاح) ی حکومەت لە شاری سنە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی دەستبەسەرکردنی باران ساعدی درێژ کراوەتەوە و لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا هەنووکە لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا چەندین جار بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ناوەندی ئیتلاعاتی حکومەت لە شاری سنە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ساعدی، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ساعدی، ئەندامی حیزبێکی کوردستانیی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێرانە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ناوبراو و دەیانەوێت ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە