بانەمیلیتاریزە کراوە و ٢٠ کەس بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران دەستبەسەر کراون

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بەدواداچوون بۆ بکەرانی کوشتنی موحسین فەخریزادە، شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی ک

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٣٧

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بەدواداچوون بۆ بکەرانی کوشتنی موحسین فەخریزادە، شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە تەواوی میلیتاریزە کردووە و بە شێوەی بەربڵاو هاووڵاتیانیان دەستبەسەر کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، شاری بانە لە پارێزگای سنە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران، ئەرتەش و هێزی ئینتزامییەوە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و سەرجەم ڕێگاکانی هاتن و دەرچوون لە شار کۆنترۆڵ دەکرێن و دەستیان کردووە بە پشکنین و لێپێچینەوەی هاووڵاتییان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە کرانی شار، هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینتێرنێت پچڕاون و هێزە چەکدارەکان بە چەکی قورس و سووکەوە لە سەرانسەری شاردا بڵاوەیان پێ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، هێزە تایبەتەکانی سپای پاسداران لە ڕۆژی یەکشەممەوە هاتوونەتە ناو بانە و ماڵی زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی دانیشتووی ئەم شارەیان پشکنیوە. ئەم هێزانە کۆمەڵێک وێنەیەیان بە دەستەوە بووە و بە شوێن خاوەنی وێنەکاندا گەڕاون.

هەنگاو زانیویەتی ماڵی چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی ساڵح چکۆل و سەرحەد، خەڵکی گوندی ئەنجێنە، کازم قادری خەڵکی گوندی چۆمان و ڕەحمان شادان خەڵکی گوندی بڵەسەن، لە لایەن ئەو هێزانەوە، پشکنراوە.

لە گەڕەکی هەمزاوای بانەش ماڵی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی پشکنراوە و هاوڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی باقی (شۆرەتەکەی دیار نییە) لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراون بەڵام تا ئێستا ناوی ئەم دەستبەسەر کراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.

ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز (٢٧ی نۆڤامبەر)، موحسین فەخریزادە مهابادی، یەکێک لە کەسایەتییە باڵاکانی پرۆگرامی ناوەکیی ئێران، لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە نزیک شاری تاران تیرۆر کرا و بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیلیان وەک بکەری ئەم تیرۆرە تۆمەتبار کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە