باوک و برای ئەرسەلان یارئەحمەدی بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و هەڕەشەی کوژران لە ناوبراو کراوە

هەنگاو: باوک و برای چووکەی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و وێ

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٢٣:٤٧

 

هەنگاو: باوک و برای چووکەی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و وێڕای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە لێیان، هەڕەشەی کوشتنیان لە ئەرسەلان یارئەحمەدی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، سولەیمان یارئەحمەدی و عومران یارئەحمەدی باوک و برای چووکەی ئەرسەلان یارئەحمەدی کە دانیشتووی شاری ڕوانسەرن، لەلایەن پاراستنی زانیاری گشتی شاری کرماشانەوە بانگ کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی پاراستنی زانیاری کرماشان داوایان لە عومران کردووە کە مۆبایلەکەشی لەگەڵ خۆی ببات و دوای ئەوەی کە هەوڵیان داوە لە ڕێگای واتس ئەپ و ئیستاگرام پەیوەندی بە ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی و سەرنووسەری ماڵپەڕی هەنگاو بگرن، لەڕێگای پەیوەندیی تەلەفوونییەوە قسەیان لەگەڵی کردووە.

ئەرسەلان یارئەحمەدی لەوبارەوە وتی: “ هێزە ئەمنییەکان بە منیان وتووە کە موسا باباخانی بە هۆی کێشەی نامووسی کوژراوە و هیچ پەیوەندیی بە کۆماری  ئیسلامیی ئێرانەوە نیە و دەبێ ئێوە لە هەنگاو هەواڵێک بڵاو بکەنەوە و بڵێن کە موسا دەستدرێژی کردووەتە سەر سێ ژنی خەڵکی هەولێر  و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن کەس و کاری ئەو ژنانەوە کوژراوە و دوای ئەو قسانە خێرا تەلەفوونەکەم داخستووە”.

دوای داخستنی تەلەفوونەکە هێزە ئەمنییەکان گوشیاریان خستووەتە سەر باوک و برای چووکەی ئەرسەلان یارئەحمەدی و عومرانیان ناچار کردووە کە نامەیەک بنووسێت کە لەو نامەیە وەکوو “دوایی ئاگادار کردنەوە” ناویان بردووە.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا لە باوک و برای ئەرسەڵان یارئەحمەدی بە نووسراوە بەڵێنییان وەرگرتووە کە ناوبراو دەبێ واز لە چالاکی مافی مرۆڤی بێنێت و هەموو چالاکییەکانی هەنگاو ڕابگرێت یان دەیکوژین.

جێگای ئاماژەیە لە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و تەنانەت ئەو هاوکارانەی هەنگاو کە لە ئەورووپا دەژین هەڕەشەیان لێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە