باوکی سینا: کوڕەکەمیان بانگ کردووە ئیدارەی پەروەردە و لەوێ دەستبەسەر کراوە

هەنگاو: مێرمنداڵێکی خەڵکی مەریوانی دوای ئەوەی بانگ کراوە بۆ ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران

٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١١:٥٤

 

هەنگاو: مێرمنداڵێکی خەڵکی مەریوانی دوای ئەوەی بانگ کراوە بۆ ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی ”نێ“ی ئەو شارەیان بە ناوی ”سینا نیک پەی“ دەستبەسەر کردووە.

کامران نیک پەی، باوکی سینا لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ”ڕۆژی سێشەممە ئێمە لە باخەکەی خۆمان سەرقاڵی ئیش بووین کە زەنگیان بۆ من داوە و وتوویانە ئێمە لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان پپەیوەندی دەگرین پەروەندەی سینا کەم و کۆڕی هەیە و ئەگەر ئەمڕۆ پڕ نەکرێتەوە، ئەوا لە خوێندنی ئەمساڵ نەجێ دەمێنێت“.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە سینا دوای ئەوە پەیوەندییە بە ماتۆر سیکلێتی هاوڕێیەکی چووە بۆ ئیدارەی پەروەردە و هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەر لەوێ دەستبەسەریان کردووە کە ئێمە دواتر ئاگادار بووین بۆ سنە گوازراوەتەوە.

سینا شەوی ڕابردوو پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و هێزەکانی ئیتلعاتی سپا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە هەتا چەند ڕۆژی دیکە پەیگیری چارەنووسی نەبن و دواتر خۆمان ئاگادارتان دەکینەوە کە بارمتە بێنن و کوڕەکەتان ئازاد دەکەین.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە سینا نیک پەی بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە