باوکێک و کوڕە ١٦ ساڵەکەی لە چالدێران دەستبەسەر کران

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی چالدێران سەر بە پارێزگای ئورمیە هاوڕێ لەگەڵ کوڕە مێرمنداڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسیلامیی

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠٨:٤٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی چالدێران سەر بە پارێزگای ئورمیە هاوڕێ لەگەڵ کوڕە مێرمنداڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسیلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەتای مانگی خەزەڵوەر (ئۆکتۆبری ٢٠٢١(، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەگریک سەر بە شاری چالدێران و هاووڵاتییەکیان بە ناوی محەمەد خالیدی و کوڕە ١٦ ساڵانەکەی بە ناوی ئەحمەد خالیدی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بەبێ پیشاندانی هەر جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی ئەم باوک و کوڕەیان دەستبەسەر کردووە و دواتریش ماڵەکەیانیان پشکنیوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا وتی کە ئەم باوک و کوڕە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.

دوای تێپەڕینی یەک حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی محەمەد خالیدی و کوڕەکەی ئەحمەد خالیدی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان لەوبارەیەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە