برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود
٨ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٤:٠٦
هەنگاو: پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی
دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ و مەریوان بە ناوەکانی بەختیار (نازناو نادیار) و مەسعوود مەحموودی تەمەن ٣٢ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی بەختیار لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەست و باسکی بریندار بووە و بە مەبەستی دەرمان گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی تەندروستی لە شاری پاوە.
لە لایەکی دیکە و لە هەمان سنوور، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی مەسعوود مەحموودی خەڵکی گوندی «سیوەر» لە بەشی باسکیەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و بریندار بووە.
بارودوخی جەستەیی ئەم دوو کۆڵبەرە باش ڕاگەیەندراوە.