برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر و سەقز بە ناوەکانی سیروان ئەحمەدی و کەیوان ئەمانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شارەکانی نەوسوود و بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٨:٥٣


هەنگاو: هەینی ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر و سەقز بە ناوەکانی سیروان ئەحمەدی و کەیوان ئەمانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شارەکانی نەوسوود و بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ کۆڵبەرێکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی سیروان ئەحمەدی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە و لاقی بریندار بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی حاجی مەمدان سەر بە شاری سەقز بە ناوی کەیوان ئەمانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەرتەزێنی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە و شان و چاوی بریندار بووە.

ئەم دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی بنکە دەرمانییەکانی شارەکانی پاوە و بانە کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە