برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە ڕۆژێکدا

هەنگاو: لانیکەم پێنج کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئورمیە و نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

٥ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٢:٤٥

 

هەنگاو: لانیکەم پێنج کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئورمیە و نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ )٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی “ژارەژای” سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوی نیهاد محەمەدپوور تەمەن ٢٥ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیهاد محەمەدپوور خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە و لە دۆڵی “بنار” و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەی لێکراوە و سینگی پێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی: “هێزە چەکدارەکان دەست و پێی نیهادیان بەستووە و بروویانە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە و داوای پارەی غەرامەی بەزاندنی سنوور و هەروەها ئەو گولەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە لە سینگی ناوبراو دراوە.”

جێگای ئاماژەیە کە هەمان ڕۆژ چوار کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی پوریا وەیسی، فەریاد وەیسی،میلاد ئەحمەدی و ئیحسان حەبیبی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە