بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور: هیدایەت لە شنۆ تیرباران کراوە

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٢:٣١


هەنگاو: دوای دوو هەفتە لەوەیکە ئیدارەی جێبەجی کردنی حوکمەکانی پارێزگای ئورمیە ڕایگەیاندبوو کە حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جێبەجی کراوە، ئەم هەواڵە لەلایەن بنەماڵەی ناوبراوە پشت راست کرایەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ٢٧٢٠(٢٤ی ژوئەن)، بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە هەواڵی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراویان کە پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو، پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە حوکمەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ (١١ی مەی) لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ جێبەجێ کراوە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هیدایەت لە یەکێک لە پادگانی شاری شنۆ تیرباران کراوە و لە بەڵگەی وەفاتی ئەم بەندکراوە سیاسیە کە بۆ هەنگاو نێردراوە هۆکاری مردنەکەی “بەرکەوتن لەگەڵ کەرەستەی سفت و تیژ” ڕاگەیەندراوە. تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسیە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و شوێنی ناشتنیشی نادیارە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە سێدارەدانی هیدایەتی عەبدوڵڵاپوور ئەندامی ئەو حیزبەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.


ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە