بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد مەترسیی دیپۆرت کرانیان لەسەرە

هەنگاو: داوای پەنابەریی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی سویسەوە بۆ جاری دووهە

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٣:٠٥

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: داوای پەنابەریی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی سویسەوە بۆ جاری دووهەم ڕەد کراوەتەوە و ئەم بنەماڵەیە مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.

بە گویرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، داواکاریی پەنابەریی عابد سەرمەستی، چالاکی سیاسیی کورد هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ جاری دووهەم لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی سویسەوە ڕەد کراوەتەوە و ئەندامانی ئەو بنەماڵە چوار کەسییە مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.

عابد سەرمەستی تەمەنی ٤١ ساڵە و خەڵکی گوندی شانڕەشی ڕوانسەرە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە و ساڵی ٢٠١٠ پاش ئاشکرا بوونی چالاکییەکانی چووەتە هەرێمی کوردستان و لەوێ درێژەی بە چالاکییەکانی داوە.

ئەم چالاکە سیاسییە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ بنەماڵەکەی بە ناچاری هەرێمی کوردستانی جێ هێشتووە و چووەتە وڵاتی سویس و داوای پەنابەریی کردووە بەڵا تا ئێستا دوو جار داوای پەنابەرییەکەی لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەریی ئەم وڵاتەوە ڕەد کراوەتەوە و ئێستا مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانیان لەسەرە.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی عابد سەرمەستی هەم لە زێدی خۆی و هەم لە هەرێمی کوردستان و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە سویس چالاکیی سیاسیی هەبووە و لە زۆربەی ناڕەزایی دەربڕینەکانی دژ بە پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەشدار بووە، لە ئەگەری دیپۆرت کرانیدا گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەم پێیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر بە ئەگەر دیپۆرت کرانی عابد سەرمەستی و بنەماڵەکەی، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەموو هەوڵی خۆیان بۆ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کرانەوەی ئەم چالاکە سیاسییە بخەنە گەڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە