بنەماڵەی ئەرسەلان خودکام: سپای پاسداران داوای لەسێدارەدانی بەپەلەی کوڕەکەمانی کردووە +ڤیدیۆ

هەنگاو: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی لەسەرە

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢٠:١٩


هەنگاو: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی لەسەرە و بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران داوای بەپەلەی لە سێدارەدانی ڕۆڵەکەیانی کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوکمی سێدارەی ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە، یەکلایی بووەتەوە و ئەگەری جێبەجی کردنی حوکمەکەی دوای تەواو بوونی مانگی رەمەزان زۆرە.

یەکێک لە نزیکانی ئەرسەلان خودکام لەمبارەوە بە هەنگاو ڕایگەیاند، داواکاری گشتی بە بنەماڵەیەکی ڕاگەیاندووە کە سپای پاسداران لایەنی سکاڵای دۆسیەی ئەرسەلان خودکامە و ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەکەی لە ژێر گوشار سپای پاسدارانداین و زیاتر لەمە ناتوانین ئەو حوکمە ڕابگرین.

ئەرسەلان خودکام تەمەن ٤٧ ساڵ، ڕۆژی دوشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧١٨ (٢٣ی ئاپریلی ٢٠١٨) لە حالێکدا ئەندامی سپای پاسداران بوو و بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئەو ناوەندە ئەمنیە بەرەو شاری شنۆ ڕۆشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) دەستبەسەر کرا. ناوبراو مانگی گەلاویژی هەمان ساڵ (هاوینی ٢٠١٨) لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکرات حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراوە.


ناوبراو لە کاتی دادگایی کردندا مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و دادگاه وەکیلی تەسخیری کە قازیەکی خانەنشینی دادسەرای سەربازی بووە بۆی دناوە و نابراو و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ڕاگرتنی حوکمی سێدارەی ئەرسەلان تەنیا لەدەستی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێراندایە.

ئەو هاووڵاتیە مەهابادیە پێشتر بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و دەستبەسەر و بە هۆی ئەوەی سکاڵاکەری تایبەتی نەبووە و ئازاد کراوە.

ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) دوای گەڕانەوەی بووەتە ئەندامی سپای پاسداران و ماوەی ١٦ ساڵ واتە هەتا کاتی دەستبەسەرکران لەوێ چالاک بووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سوهرابی کە بە هۆکاری ئەمنیەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئەرسەلان بۆ ماوەی ٣٦ رۆژە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکنەجە بوە و ٤٠ کیلۆ لە کێشی خۆی لەدەست داوە.


بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا “نەشمیل قۆیتاسی” ژنی ئەرسەلان خودکامیان دەستبەسەر و دوای ئەوەیکە ئەسکەنجەیان داوە و ئەرسەلان گوێی لە هاواری و گریانی ژنەکەی بووە وتوویەتی کە کارتان بە ژنەکەم و کوڕەکەم نەبێت و هەرچیتان دەوێت دانی پێدا دەنێم و بە ئەستۆی دەگرم.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەرسەلان ناچار بووە دان بە ٥٤ حاڵەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتدا بنێت.

نەشمیل قۆیتاسی مانگی بانەمەڕی ساڵی ٢٧١٨ (ئاوریلی ٢٠١٨) دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا و مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئورمیەوە و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە