بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی چالاکێکی سیاسی کورد لە هەولێر تەقییەوە

تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ئەکبەر سەنجاوی تەمەن ٤٩ ساڵ بووە ه

١٦ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٠٤:١٢


هەنگاو: دووشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی چالاکێکی سیاسی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ئەکبەر سەنجاوی تەمەن ٤٩ ساڵ بووە هۆی ئەوەی ناوبراو بە سەختی بریندار بێت.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم تەقینەوەیە پێش نیمەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە گەڕەکی سێتاقانی هەولێر ڕووی داوە و ئەکبەر سەنجاوی، کە ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە، لاقی بە سەختی بریندار بووە و بەمەبەستی نەشتەرگەری گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی تەندروستیی شاری هەولێر.

یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ڕێکخراوی خەبات وێڕای پشتڕاستکردنەوەی تەقینەوەی بۆمب بە ئۆتۆمبێلی ئەو ئەندامەی ڕێکخراوەکەیان ڕایگەیاند کە ناوبراو یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و دانیشتووی هەولێر بووە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەکبەر سەنجاوی پێشتر بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕیکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپابوو و دوای چەند ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان کاتێک بە دانانی بارمتە نێردرابوویە مرەخەسی، زێدەکەی بەجێهێشتبوو و وەک پەنابەر ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکانی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج کە لە ئەنجامی ئەو پەلامارانەدا لانی کەم ٧ چالاکی سیاسی کورد کوژراون.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە