بۆکان/ هونەرمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هونەرمەندێکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هونەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات لە درێژەی شەپۆل

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٠:٣٦


هەنگاو: هونەرمەندێکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هونەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی مەهاباد، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٦ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی حاجی لەک و هونەرمەندێکی دانیشتووی ئەو گوندەیان بە ناوی ”عەبدوڵڵا چاوەشی“ دەستبەسەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوو مێوانی ئەو هونەرمەندەیشان دەستبەسەر کردووە کە ئەو دوو کەسە دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون. ناوی یەکێک لە ودوو کەسە حیسام ڕاگەیەندراوە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی عەبدوڵڵا چاوشی تەقەی ئاسمانییان کردووە و ترس و دڵەڕاوکێیان ناو دڵی خەڵک دروست کردووە.
عەبدوڵڵا چاوشی یەکێک لە هونەرمەندانی خۆشناوی بۆکانە کە پێشتریش بە هۆی خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ”جەسیم مەجنوونی“ دانیشتووی گوندی قەرەداغ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە