بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بەندکراوێکی نەخۆشیان دایە بەر لێدان و کوتان

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس کە بڕبڕەی پشتی شکاوە و ماوەی ١١ ساڵە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن بەرپرسان

٢٤ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٣:٤١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس کە بڕبڕەی پشتی شکاوە و ماوەی ١١ ساڵە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە کەوتە بەر لێدان و کوتان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو. ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٤ی مارسی ٢٠٢٠)، دوو برای خەڵکی سەڵماس بە ناوەکانی ”بەهائەدین قاسم زادە“ و ”داوود قاسم زادە“ کوڕی فەیسەڵ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر دەفتەری کیشیکی بەندیخانە مانیان گرتووە و پەتوویەکیان (بەتانی) ئاگر داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، داوود قاسم زادە بڕبڕەی پشتتی شکاوە و بە هۆی هەو کردنی گورچیلەکانیەوە مزڵدانی دڕاوە و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری هەیە، هەرچەند دکتۆری پسپۆر ڕایگەیاندووە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگیری دەکەن لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە.

ئەو سەر چاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند ئەو دوو بەندکراوە دوای ئەوەی کەوتوونەتە بەر لێدان و کوتان بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانە گوازراونەتەوە.

بەهائەدین قاسم زادە و داوود قاسم زادە ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.

ناوی بەشێک لەو بەرپرسانەی بەندیخانە کە ڕێگیرییان کردووە لە ناردنە دەرەوەی داوود بۆ نەخۆشخانە مێهر عەلی فەرهەنگ، کارگێڕی ناوخۆیی بەندیخانە، جەواد سەمدی، بەرپرسی لێپرسینە و ئەمیر قەرەباغی ئەفسەری کیشیکی بەندیخانە ڕاگەیەندراوە.

 

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە