بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە مانگرتنەکەیان شکاند

هەنگاو: بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە دوای ئەوەی داواکارییەکەیان قەبوول کرا کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

٣ بەفرانبار ٢٧٢١، ٠٩:٤٩

 

هەنگاو: بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە دوای ئەوەی داواکارییەکەیان قەبوول کرا کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ، ڕۆژی پێنج شەممە٢ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٢٣ی دێسامبری ٢٠٢١(، ٤٦ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دوای ١٢ ڕۆژ مانگرتن و دوای ئەوەی کە داواکارییەکانیان جێبەجێ کرا کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

ئەم ٤٦ بەندکراوە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە فەرمانی بەرپرسی بەندیخانە لە سەر گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندێکی نوێ کە بەندێکی ئەمنییە و پێداویستی کەمتری لە بەندی ئێستایان هەیە، مانیان لە خواردن گرتبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە، ڕۆژی ڕابردوو “بەخشی” بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە چووەتە ناو بەندی سیاسی و پێیانی ڕاگەیاندووە کە ناگوازرێنەوە بۆ بەندی نوێ و هەر بۆیەش بەندکراوەکان کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێناوە.

ئەو بەندە نوێیەی کە بڕیاربوو بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی هەتا سەرەتای ٢٠٢٢ بۆ ئەوێ بگوازرێنەوە بە تەواوەتی ئەمنییە و پەیوەندی بەندکراوانی سیاسی لەگەڵ بەندکراوانی بەندەکانی دیکە بە تەواوەتی دەپچڕێ و پیداویستی کەمتری هەیە و چووکەتریشە.

ئەو بەندە دوو نۆهەمە  کە نۆهەمی یەکەم بۆ بەندکرانی سیاسی و مەزهەبی و نۆهەمی دووهەم بۆ بەندکراوانی دادگای سەربازی تەرخان کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە