بەندکراوێکی سیاسی لە کرماشان مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە ماوەی پێنج ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ڕاگیراوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیرانەکەی

٢٦ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٢:٢٦


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی کە ماوەی پێنج ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ڕاگیراوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیرانەکەی میدیایی نەبووەتەوە، مانی لەخواردن گرتووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ”ئیسماعیل موریدی“ لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٢ی فێوریەی ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ئازادی مەرجدار و یان پێدانی مرەخەسی بە ناوبراو، لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان مانی لەخواردن گرتووە.


ئیسماعیل موریدی ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧١٥ ( ٢٨ی مەی ٢٠١٥) لەلایەن هێزەکانی سپای نەبی ئەکرەمی کرماشان دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی چوارەمی دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ”پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)“ حوکمی ١٠ سال بەندکرانی بەسەردا سەپا.


حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی ئەو بەندکراوە سیاسیە دووبار نێردراوە بۆ دیوانی بەرزی وڵات و دواجار لەلیەن لقی ٩ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.


یەکێک لە نزیکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، وێرای ئەوەی کە ئیسماعیل نیوەی حوکمەکەی تێپەڕاندووە، بەڵام داواکاری بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ مافی مرەخەسی و تەنانەت ئازادی مەرجداری ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە و ئیتلاعات و سپای پاسداران ڕێگری دەکەن.


جێگای ئاماژەیە هەواڵی دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا میدیایی نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە