بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشووی کرماشانە، پاش ئازادی لە بەندیخانە، بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان، ناچار

٢٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٩:١١

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشووی کرماشانە، پاش ئازادی لە بەندیخانە، بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان، ناچار بوو زێدەکەی خۆی بەجێ بێڵێ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کاوە مورادی، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی کرماشان، بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان، ناچار بوو زێدەکەی بەجێ بێڵێت و ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نشتەجێ بووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ لە پاش دوو ساڵ و نیو، کەوتبووە بەر لێبوردنی نەورۆزی و لە بەندیخانە ئازاد ببوو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لانی کەم پێنج جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشانەوە بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە و لە ئەنجامیشدا بە هۆی ئەم گوشارانەوە ناچار بووە زێدەکەی جێ بێڵێت.

کاوە مرادی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧١٧ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران (حدکا)دا، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

ئەم شارۆمەندە کوردە ڕۆژی سێ شەممە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٨ی مارسی ٢٠٢٠) لە پاش تێپەڕاندنی دووساڵ و نیو لە ماوەی سزاکەی، کەوتە بەر لێبوردنی نەورۆزی و لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە