بەندکراوێکی کورد ٩ مانگە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و دادگایی نەکراوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە نزیکەی ٩ مانگ بەر لەئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە، هێشتا دادگایی نە.

٢ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٥:١٥


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە نزیکەی ٩ مانگ بەر لەئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە، هێشتا دادگایی نەکراوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەرای تێپەڕینی نزیکەی ٩ مانگ لە دەستبەسەر کرانی “مەسعوود حاجی زادە” تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری سێروو لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە، ناوبراو هێشتا دادگایی نەکراوە و لە بەندی ٣ی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە.

 مەسعوود حاجی زادە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)،  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێر دەستبەسەر کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەسعوود حاجی زادە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای مەهدی ئورمیە ڕاگیراوە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر لەلایەن لقی شەشی دادگای شۆڕشی ئورمیە  حوکمی یەک مانگ دەستبەسەر کرانی کاتی بە سەردا سەپاوە بەڵام ئەوە ٩ مانگە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبر) گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە و ئێستا لە بەندی ٣ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە