هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری کۆمەڵە دەستبەسەر کراوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی کۆمەڵە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

١٥ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٩:٣٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی کۆمەڵە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری سێروی ئورمیە بە ناوی ”مەسعوود حاجی ز ادە“ تەمەن ٤٣ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێر دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەسعوود حاجی زادە بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای مەهدی ئورمیە ڕاگیراوە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر لەلایەن لقی شەشی دادگای شۆڕشی ئورمیە  حوکمی یەک مانگ دەستبەسەر کرانی کاتی بە سەردا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبر) گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە و ئێستا لە بەندی ٣ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

دادگا بۆ ئازادی کاتی مەسعوود حاجی زادە داوای بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی کردووە، بەڵام ناوبراو توانایی دابین کردنی ئەو بارمتەیە نەبووە و نامەی نووسیوە بۆ لقی شەشەمی دادگای شۆڕش هەتا بڕی بارمتەکە کەمتر بکەنەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە