بەندکراوێکی کورد مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لەسەرە

هەنگاو: لانیکەم یەکێک لە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ ژووری

٨ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٥:٤١

 

هەنگاو: لانیکەم یەکێک لە بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و مەترسیی جێبەجێ کردنی سزاکەی لەسەرە.
 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، ”مستەفای سەیفی“ تەمەن ٢٨ ساڵ  و خەڵکی گوندی وێژنانی سەوڵاوا بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.
 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی مستەفا سەیفی نەیانتوانیوە بڕی پارەی سێ میلیارد تمەن دابین بکەن و هەر بۆیەش بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار (٣٠ دێسامبر) سزای سێدارەکەی جێبەجێ بکرێت.

سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ ئەو بەندکراوە کوردە جارێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی بەندیخانە کرابوو، بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکە لە بری دابین کردنی بڕی ٣ میلیارد تمەن وەکوو دیە بۆ سێ مانگ مۆڵەتیان بە بنەماڵەی مستەفا دابوو و جێبەجێ کرانی سزاکەیان دواخستبوو.
 

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ٢٧١٥ (٢٥ی ئاوریلی ٢٠١٥) لە سەر کێشەی نامووسی یەکێک لە نزیکانی خۆی بە ناوی “کۆسار سەیفی” کوشتووە و هەر ئەو کات دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەی دوو ساڵ پێش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە