حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی کورد بۆ سێ مانگی دیکە دواخرا

هەنگاو: جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا کە بڕیاربوو لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ بکرێت، لەبەرانبەر دابینکردنی بڕێکی

٦ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٠:٢١

 

هەنگاو: جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا کە بڕیاربوو لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ بکرێت، لەبەرانبەر دابینکردنی بڕێکی زۆری پارە بۆ سێ مانگی دیکە دواخرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٠ ( ٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی مستەفا سەیفی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی وێژنانی سەوڵاوا کە بڕیار بوو لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە و ناوبراو بۆ بەندی خۆی گوازراوەتەوە.
 

عەتا سەیفی باوکی ئەو بەندکراوە وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە: ”بنەماڵەی کوژراوەکە مۆڵەتی سێ مانگاین بە ئێمە داوە هەتا بڕی سێ میلیارد تمەن پارەیان بۆ دابین بکەین و حوکمی سێدارەی کوڕەکەمان هەڵوەشێتەوە“.
 

مستەفا سەیفی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە گوازرابوویەوە.
 

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ٢٧١٥ (٢٥ی ئاوریلی ٢٠١٥) لە سەر کێشەی نامووسی یەکێک لە نزیکانی خۆی بە ناوی “کۆسار سەیفی” کوشتووە و هەر ئەو کات دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەی دوو ساڵ پێش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە