بەندیخانەی سنە/ ژنێکی کورد مەترسیی سێدارەی لەسەرە

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی شاری قوروە کە پێنج ساپێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٠٩:١١

 

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی شاری قوروە کە پێنج ساپێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی خەڵکی قوروە بە ناوی ”زەینەب خودامورادی“ بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی شاری سنە کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی شاری سنەوە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەری حوکمی سێدارەی زەینەب خودامورادی تەمەن ٤٢ ساڵ جێبەجێ بکرێت.

زەینەب خودامورادی ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧١٥ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠١٥) بە تۆمەتی کوشتنی کۆرپە ١٢ ڕۆژەکەی خۆی بە ناوی ”محەمەد جواد“ و کچە تەمەن ٧ ساڵانەکەی هاوژینەکەی بە ناوی ”حەدیس“ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە زەینەب کاتێک دوو گیان بووە و ئەو ماوەیەش کە لە نەخۆشخانە بووە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەرەوڕووی کەمتەرخەمی بووەتەوە و ئیزنی نەداوە کە ئەندامانی بنەماڵەکەی سەردانی بکەن و هەر بۆیە زەینەب لەکاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دۆخی دەرونی ناجێگیر بووە و تووشی خەمۆکی بووە.


زەینەب خودامورادی پێش ئەوەی ئەو دوو منداڵە بکوژێت لە سەر لاقی خۆی نوسیبووی ” من خۆم و منداڵەکانم کوشت هەتا لە دەستی داوود (هاوژین)، سارا (هێور) و خەسووم ڕزگارمان بێت“، بەڵام دوای کوشتنی دوو منداڵەکە بە هەر هۆکارێک بووە خۆی نەکوشتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە