بەندیخانەی ئورمیە/ شاکر بێهرووزی و نایب عەسکەری ١٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون ١٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و باری تەندروستییان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٥٨


هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون ١٢ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و باری تەندروستییان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاکر بێهرووزی و نایب عەسکەری دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە ماوەی ١٢ ڕۆژە کە لە بەندی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە مانیان لە خواردن گرتووە و باری تەندروستییان ناجێگیرە و بەرپرسانی بەندیخانەش گوێ بە داواکارییەکانیان نادەن.

ئەم دوو بەندکراوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠٢ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٢ (دوای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە گواستنەوەیان لە بەندی سیاسییەوە بۆ خەوتنگەی ژمارە ٢ی بەندیخانە مانیان لە خواردن گرت، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرانەوە.
شاکر بێهرووزی ڕۆژی سێشەممە ٩ی خاکەلێوە بە بیانووی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بانگ کراوەتە ژووری نیگابانی بەندیخانە و لەوێوە بۆ خەوتنگەی ٢ی بەندیخانە گوازراوەتەوە و نایب عەسکەریش هەمان ڕۆژ دوای دەمەقاڵێی لەگەڵ یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە وەک سزا دانێک بۆ بەندی قەرەنتینە گوازرابوویەوە.

شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ کە بۆ ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوایی جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨) ١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.
شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە بە تۆمەتی "بەغی" و» ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە «بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. ئەم سزایە دواجار مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.


ئەم بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە  لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە.


نایب عەسکەری بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٢ (لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە دەستبەسەر کرا و دوای سێ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.
ناوەندە ئەمنییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە «موحاریبە» لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تۆمەتبار کردووە.
نایب عەسکەری مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو هاوڕێ لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسی دیکە بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجی زادە دوای سکاڵا و دۆسیە سازی بەرپرسی بەندیخانەی ئورمیە هەر کامەیان سزای ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ قامچییان بە سەردا سەپا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە