تاران/ دەستبەسەرکرانی عومەر شەریفی بۆکانی بەندکراوی سیاسی پێشوو

هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو خەڵکی بۆکان لە تاران و لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٠:٤٠

 

 هەنگاو: یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی پێشوو خەڵکی بۆکان لە تاران و لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی قەڵای حەسەنخانی (شارەکی قودس) لە تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عومەر شەریفی بۆکانی تەمەن ٧٠ ساڵ و بەندکراوی سیاسی پێشوو و نیشتەجێی شاری تاران و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەی یاسایی و دادوەری ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی عومەر شەریفی بۆکانی و ئە وتۆمەتانەی دراوەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نیە.

شایانی باسە عومەر شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ لەبەندیخانە ئازاد کرا.

رەزا شەریفی بوکانی چالاکی مەدەنی کورد و کوڕی عومەر شەریفی بوکانیش ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دەستبەسەر و هەر بەو تۆمەتە ماوەی ٥ ساڵ لە بەندیخانەی بۆکان و ڕەجایی شاری کەرەج بەندکراوە. ڕەزا شەریفی بۆکانی لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ هەنگاو هەواڵی دەستبەسەرکرانی باوکی پشتراست کردەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە